29/06/2016
566 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌

بەشار عەلی محەممەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی بەڵێندەرانی کوردستان - لقی هەولێر

رووداو - هەولێر

بەرپرسی پەیوەندییەکانی بەڵێندەرانی کوردستان - لقی هەولێر رایدەگەیێنێت "داوا لە حکومەت دەکەین مانگانە شایستە داراییەکانمان بۆ خەرج بکات". گوتیشی: "حکومەت نزیکەی ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار قەرزاری بەڵێندەرانە".

بەشار عەلی محەممەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی بەڵێندەرانی کوردستان - لقی هەولێر، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (هۆت لاین) لە تۆڕی میدیایی رووداو، لەسەر پرسی قەرزی بەڵێندەران لەلای حکومەت، رایگەیاند "هیچ بڕیارێک نییە حکومەت مانگانە وەک مووچە پارە بداتە بەڵێندەر، بەڵام ئەوە یەکێک بووە لە داواکارییەکانی ئێمە لە گردبوونەوەکەی ئەمڕۆی بەڵێندەران، داوا لە حکومەت بکەین مانگانە شایستە داراییەکانمان بۆ خەرج بکات، چونکە لە سەرەتای ساڵی 2014وە شایستە داراییەکانی بەڵێندەران نەدراوە، ئەوەی دراوە بە شێوەی چەک بووە، بەڵام ماوەی ساڵێک دەبێت هیچ بڕە پارەیەک خەرجنەکراوە".

بەشار عەلی دەڵێت: "20%ی ئەو پرۆژانە تەواوکراون، کە 10% مابووە تەواو ببن، بەبێ ئەوەی بەڵێندەر پارە لە حکومەت وەربگرێت، پرۆژەکەی تەواوکردووە، بەڵێندەر هەبووە بۆ ئەو مەبەستە ماڵی خۆی فرۆشتووە تا پڕۆژەکەی تەواو بکات ".

بەرپرسی پەیوەندییەکانی بەڵێندەرانی کوردستان، دەشڵێت: "95%ی پرۆژەکانی هەولێر وەستاون،  حکومەت نزیکەی ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار قەرزاری بەڵێندەرانە، تەنیا لە هەولێر نزیکەی 400 ملیۆن دۆلار قەرزداری بەڵێندەرانە".

بەشار عەلی، ئاماژە بەوە دەدات: "ئەو ئاسانکارییەی بۆ وەبەرهێن دەکرێت بۆ بەڵێندەر ناکرێت، هاوکات حکومەت پلانێکی رێکوپێکی بۆ بەڵێندەران نییە، دەکرا لەبری شایستەی بەڵێندەران حکومەت نەوتی خاو بداتە بەڵێندەران، بەڵێندەرانیش بیفرۆشنەوەو بیکەنە پارە".

http://rudaw.net/sorani/kurdistan/2906201620

 








هەولێر  
سلێمانی  
دهۆک  
کەرکوک  

ناونیشانی یەکێتی بەلێندەران