27/01/2019
52 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌

وئاد حوسێن: دەبێ هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت رێکبکەون

رووداو - هەولێر

ماوەی پێنج ساڵە حکومەتی فیدراڵی عێراق پشکی هەرێمی کوردستانی لە بودجەی ساڵانەی بڕیوە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان نانێرێت، بۆیە بابەتی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، گرێ کوێرەی نێوان هەولێر و بەغدا بوو

رۆژی 23ـی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و دەنگی لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2019ـی عێراق دا، بەپێی ئەم یاسایەش حکومەتی عێراق مانگانە 522 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات.

هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پشک و مافی کورد تەنیا لە ماددەی 10 جێگیرنەکراوە، بەڵکو لە چەندین بڕگە و ماددەدا مافی خەڵک و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جێگیرکراون، دەشڵێت، یاسای بودجە لە مانگی کانوونی دووەمەوە جێبەجێدەکرێت.

سەبارەت بە میکانیزمی فرۆشتنی نەوت لە بەرامبەر ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا، فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی عێراق دەڵێت، بەگوێرەی یاساکە حکومەتی فێدراڵ پابەند دەکرێت بە ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر پرسی نەوت رێکبکەون.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی حکومیی هەرێمی کوردستان بەبێ پاشەکەوت، مانگانە پێویستی بە 860 ملیار دینارە.

ئێستا مانگانە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە داهاتی نەوت تێکڕا بڕی 370 ملیار دینار دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، بۆیە بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، بەشێکی زۆر لە کێشەی مووچەخۆرانی کوردستان چارەسەردەبێت.

http://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/2501201913

 








هەولێر  
سلێمانی  
دهۆک  
کەرکوک  

ناونیشانی یەکێتی بەلێندەران